بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی و بەهۆی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن، هاتوچۆی بارهەڵگر لە كاتژمێكی دیاریكراوی بەیانیاندا قەدەغە كرا و چەند داواكارییەكیش ئاراستەی شۆفێران دەكرێت.
ئەمڕۆ ١٨ی ئەیلول، بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارییەكدا پلانی بەڕێوبەرایەتییەكەی سەبارەت بە دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن بۆ شۆفێران و لایەنە پەیوەندیدارەكان بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەكان بۆ ناوشاری سلێمانی لەڕێگەی بازگەكان و سنوری شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لە ڕۆژی یەكشەممە ٢١/٩/٢٠٢٥ لەكاتژمێر ٧:٣٠ بۆ ٨:٣٠ جگە لە ڕۆژانی هەینی قەدەغەیە بە مەبەستی كەم كردنی لۆد و قەرەباڵغی و گرفت و ئاستەنگی هاتووچۆیی و جێبەجێكردنی ئەم كارە لە ئەستۆی مەفرەزەكانی بەشی هاتووچۆی بازگەكان و هەردوو هاتووچۆی ناوشار (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) جێ بەجێ دەكرێت جگە لە قەدەغەكردنی هاتنە ناوەوە لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێت بەرامبەر هەر سەرپێچیەكی تر.
داواشی لە شۆفێران كرد ڕەچاوی خێراییەكان بكەن لەناوچەكانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن و ئاگاداری زیاتریان هەبێت بۆمنداڵان و پیادەڕوەكان.
هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، داوا لەشۆفێرانی ئەو پاسانە دەكەین كە منداڵ و قوتابیان دەگوازنەوە رەچاوی ژمارەی یاسایی خویندكاران لەناو پاسەكانیان بكەن و سەرنشینی زیادە سەرنەخەن و ڕێگا بە منداڵان نەدەن بەشێك لەجەستەیان لەجامەكان دەربكەن و لەجێی خۆیان دابنیشین، لەكاتی سەركەوتن و دابەزین لەبەردەم قوتابخانەكان ئاستەنگ و لۆد دروست نەكەن و مەفرەزەكانی هاتوچۆی ناوشار لەكاتی سەرپێچیكردنی شۆفێرەكان لێپرسینەوەی یاسایی دەكەن.