سودانی لەبارەی كێشەیەكی بەغدا و هەولێر بڕیارێكی دەركرد

سەبارەت بە كێشە و گرفتی ئەو بارهەڵگرانەی كە كاڵاكانی هەرێم بۆ خواروی عێراق دەبەن، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆ بەبێ پشكنینی سۆنار ڕێگە بەتێپەڕبونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات كە لەهەرێمەوە دێن‌و بەرهەمی ناوخۆییان باركردوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات كە ئەو بڕیارەی محەمەد شیاع سودانی، لەكاتی پێشوازیكردنیدابوە لەسەرۆك‌و ئەندامانی سەندیكای شۆفێرانی بارهەڵگر، بۆ تاووتوێكردنی ئەو كێشەو ئاستەنگانەی لەمدواییانەدا ڕوبەڕویان بوەتەوە. 

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: تاووتوێی ئەو ڕاسپاردانەی كراوە كە لەلایەن تیمی چاكسازیی گومرگییەوە ئامادەكراون، بڕیاریشە ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆبونەوەیەك بۆ گفتوگۆكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنیان بەڕێوەبچێت، كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەی جوڵەی بارهەڵگرەكانە لەدەروازە سنورییەكان، نوسینگەكانی گومرگ‌و بازگەكانیش.

وەكو نوسینگەی سودانی ئاشكرایكردوە، ئەو ڕاسپاردانەی دەركراون بریتین لە:

١- ڕاسپاردنی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بۆ كاراكردنی وێستگەكانی كێشكردن لەسەر ڕێگە سەرەكییەكان‌و دەروازەی شارەكان، دابینكردنی تەرازوی زیرەك، كاراكردنی پارەدانی ئەلیكترۆنی بۆ كرێ‌و سزا داراییەكان‌و پەسەندكردنی بڕوانامەی پێوانەكردن كە لەوەزارەتی نەوتەوە دەردەچێت.

٢- نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەسەڵات دەداتە دەستەی دەروازە سنورییەكان بۆ ڕاگرتنی ئەو بارهەڵگرە سەرپێچیكارانەو سنورداركردنی تۆماركردنیان لەفۆڕمی بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ئەو بارهەڵگرانەی كە گواستنەوەی مادەی قەدەغەكراویان لەسەر ساغدەبێتەوە.

٣- وەزارەتی ناوخۆ ڕێگە بەتێپەڕبونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات كە لەهەرێمەوە دێن‌و بەرهەمی ناوخۆییان باركردوە، بەبێ پشكنینی سۆنار.

٤- وەزارەتەكانی پیشەسازیی‌و كشتوكاڵ‌و دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان، ئەو پڕۆژەو كارگانە پابەند دەكەن كە لەپلاتفۆڕمی بەرهەمی ناوخۆییدا تۆماركراون، بەدانانی نیشانەی بازرگانی.

٥- دەستەی دەروازە سنورییەكان ڕێگریی لەمانەوەی بارهەڵگرەكان دەكات بەشەو لەگۆڕەپانەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەوڵاتانی دراوسێ‌و پێویستە ڕێكارەكانیان لەماوەی (٢٤) كاتژمێردا تەواوبكرێت. 

٦- دەستەی گشتیی گومرگ لەژورەكانی كۆنترۆڵی ئامێرەكانی سۆنار لەنوسینگەكانی گومرگ ئامادە دەبێت بۆ تۆماركردنی حاڵەتە گوماناوییەكان.

٧- وەزارەتی گواستنەوە، بەڵگەنامەی ڕادەستكردنی كۆتایی كاڵا كە دەدرێتە بارهەڵگرەكان لەدەروازە سنورییەكان، وەكو بەڵگەنامەیەكی فەرمی پەسنددەكات.

٨- فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕێگە بەهاتوچۆی بارهەڵگرەكان دەدات لەڕێگەی نێوان (نوخەیب - ڕێگەی خێرای نێودەوڵەتی) بەدرێژایی ٢٤ كاتژمێر.

٨- وەزارەتی نەوت هەر دوو ڕۆژ جارێك، بڕی (٢٥٠ لیتر) گاز بۆ بارهەڵگری قەلاب دابیندەكات.




PM:02:26:18/09/2025