لە کەرکووک ١٣ گەنجی کورد بە دوو ساڵ زیندان سزا دەدرێن

دادگای کەرکووک، ١٣ گەنجی کورد بە تۆمەتی دەمەقاڵێ لەگەڵ پۆلیسێکی هاتووچۆ، بە دوو ساڵ زیندانی سزا دەدات.

پێنجشەممە ١٨ی ئەیلول دادگای کەرکووک، ١٣ گەنجی کورد بە تۆمەتی دەمەقاڵێ لەگەڵ پۆلیسێکی هاتووچۆ، بە دوو ساڵ زیندانی سزا دەدات.

بە گوێرەی میدیاکە ئەو ١٣  گەنجە کوردەی لەسەر ئەو کەیسە سزا دراون، سێ لەو گەنجانە ماوەی حوکمەکەیان دوو ساڵ زیندانییە، ١٠ گەنجەکەی دیکە کە هەشتیان لە شاری کەرکووک نەماون و دووانیشیان ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا بوونە، سزای ساڵێک زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە.

لای خۆیەوە یوسف حەسەن، پارێزەی گەنجەکان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، "لە کاتی خوێندنەوەی حوکمەکە لەلایەن دادگا، تووشی شۆک بووم کە سزاکە بەمجۆرەیە، چونکە ئەو ماددەیەی بریکاردارانم لەسەری دەستگیرکراون، لە سەختترین بارودۆخیدا ماوەی زیندانیکردنی، تەنها یەک ساڵە."

سزای دادگاکە دوای ئەوە هات کە مانگی حەوتی ئەمساڵ، گەنجێکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی ڕەحیماوا لە شاری کەرکووک، ئۆتۆمبێلەکەی ڕاگرتووە، پۆلیسی هاتووچۆ سزای پێبژاردنی بۆ دەرکرد، لەسەر ئەو بابەتەش دەمەقاڵێ لەنێوان ژمارەیەک گەنج و دوو کارمەندانی پۆلیسی هاتووچۆ دروست بوو و لەسەر سکاڵای پۆلیسی کەرکوک ئەو گەنجانە سزا دران.




PM:07:19:18/09/2025