بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، بەمەبەستی چاکسازی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غاز، بەرهەمهێنانی کارەبا هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کەمدەبێتەوە و بەرپرسێکی کارەبا دەڵێت، کار کراوە کە کاریگەریی لەسەر کارەبای ٢٤ کاتژمێری نەبێت.

بەپێی ئاگادارییەکی وەزارەتی کارەبای هەرێم تیایدا دەڵێت" کۆمپانیای دانە غاز لە رۆژانی (٢٠ -٢١-٢٢)ی ئەم مانگە دەست بە چاکسازیی ساڵانەی خۆی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز دەکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، بڕی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانی غاز کەم دەبێتەوە و بەهۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەبا زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ مێگاوات كارەبا کەم دەبێتەوە."

دەشڵێت" وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵ دەبن بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر بەشداربوونی کارەبا."

لای خۆشیەوە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە"کار کراوە سوود لەو کارەبایە وەربگیرێت کە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت بۆئەوەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەردەوام بێت."
 





AM:11:57:20/09/2025