نەوەی نوێ: دەمانەوێت بەیەكجاری كێشەی موچە چارەسەر بكەین


شەممە ٢٠ی ئەیلول، نەوەی نوێ ڕایگەیاند'' دەمانەوێت لە رێگای بەشداریكردنمان لە حكومەتی نوێی عێراق بەیەكجاری كێشەی موچە چارەسەر بكەین.'' 

جوڵانەوەی نەوی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە'' حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەیەوێت پێش هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت وا پیشانی بدات ڕێکەوتن دەکات. یاخود مووچەیەک یان دوو مووچە دابەشبکات. ئەویش بۆ ساردکردنەوەی هاوڵاتیان و هەوڵێکە بۆ خۆڵکردنە چاوی مووچەخۆران.'' 
جوڵانەوەکەش دەڵێت'' دڵنیابن دوای هەڵبژاردن ئەگەر پارتیی و یەکێتیی ئەم کورسییانە بەدەستبهێننەوە و خەڵکیش نەچن بۆ دەنگدان، ئەوە دۆخی خەڵک و مووچەخۆران لەئێستا زۆر خراپتر دەبێت.'' 

راگەیەندراوی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:
دەمێکە حکومەتی ماوە بەسەرچوو بەحیساب باسی ڕێکەوتن دەکات لەگەڵ بەغداد، لێرەوە بەروونیی بە خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە ئەمە سەرتاپا شانۆگەرییە و خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتیانە. 

بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەیەوێت پێش هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت وا پیشانی بدات ڕێکەوتن دەکات. یاخود مووچەیەک یان دوو مووچە دابەشبکات. ئەویش بۆ ساردکردنەوەی هاوڵاتیان و هەوڵێکە بۆ خۆڵکردنە چاوی مووچەخۆران. 

دڵنیابن دوای هەڵبژاردن ئەگەر پارتیی و یەکێتیی ئەم کورسییانە بەدەستبهێننەوە و خەڵکیش نەچن بۆ دەنگدان، ئەوە دۆخی خەڵک و مووچەخۆران لەئێستا زۆر خراپتر دەبێت و حکومەتی ماوەبەسەرچوو پابەندی هیچ ڕێکەوتنێک نابێت لەگەڵ بەغداد. هەروەکچۆن پێشتریش پابەندی هیچ کام لە ڕێکەوتنەکانی پێش هەڵبژاردن نەبووە و دوای هەڵبژاردن پەشیمان بۆتەوە.

بۆیە داواکارین لە هاوڵاتیانی بەڕێز و مووچەخۆرانی ئازیز کە ئیتر بەسە باوەرکردن بە درۆکانی دەسەڵات. بۆیە زۆر گرنگە بە گڕوتینەوە لە ڕۆژی ١١/١١ بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بە نەوەی نوێ بدەن تا لەرێگای بەشدارییکردنمان لە حکومەتی داهاتووی عێراق چارەسەری یەکجارەکیی مووچە بە تەوتینکردن ئەنجام بدەین.




PM:06:30:20/09/2025