بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکور دەڵێت"حكومەتی عێراق لەبارەی داواكاریی كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان نەرمی نواندووە"، دەشڵێت"پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە" .
شەممە ٢٠ی ئەیلوول عامر خەلیل، بەرێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكور بە کەناڵی رووداوی راگەیاند" پێشبینی دەكەین لەماوەی (٤٨) كاتژمێری داهاتوودا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە دەستپێبكاتەوە".
عامر خەلیل دەشڵێت"حكومەتی عێراق لەبارەی داواكاریی كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان نەرمی نواندووەو، لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكان بەرێژەی زیاتر لە (٩٥%) لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت رێككەوتون".
وتوشیەتی" كۆمپانیاكانی نەوت داوای گەرەنتی ماف و شایستەكانیان كردووە، حكومەتی عێراقیش رەزامەندی دەربڕیوە ئەو گەرەنییەیان بداتێ".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندبوو کە کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ئەگەر گۆڕانکاری نوێ ڕوونەدات، ئەم بابەتە چارەسەر کراوە.