جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات کە ڕێکەوتن کراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت. هەروەها دەڵێت: ڕێکەوتنەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کۆتایی پێهاتووە.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ڕێکەوتنی نەوتی و نانەوتی و خەرجکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆپۆزەلی ڕێکەوتنی نوێی نێوان تورکیا و عێراق کۆتایی هاتووە لەنێوان کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا تورکییەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان.
ئاماژەی بەوەشکرد: هیچ پابەندییەک نەماوە، تەنیا ماوەتەوە حکوومەتی عێراق پابەندییە ئەخلاقیی و یاساییەکانی بەرانبەر بەو ڕێکەوتنەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ ناردنی مووچە کراوە جێبەجێ بکات.
لە بارەی گواستنەوەی مامۆستایان بۆ سەر بەغدا وتی: گواستنەوەی مامۆستایان لە چوارچێوەی بودجەدا نەبوو، بەڵام دەسەڵاتی خۆمان وەکوو سەرۆکایەتی بەکارهێنا بە گواستنەوەی ١٥ هەزار و ٩٠٠ فەرمانبەر و مامۆستای ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەغدا، بەڵام بیری شۆڤێنی ئەوەندە زاڵ بەسەریاندا ئەو گواستنەوەیان بەڕەوا نەبینی و دەنگیان لەسەر نەدا.