پێشەوا هەورامانی: هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە کێشەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر بکات، راشیگەیاند" هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و هەفتەیەکە نووسراوی بۆ بەغدا کردووە."

یەکشەممە ٢١ی ئەیلول پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند" دەمانەوێت بەشێوەی ڕیشەیی کێشەکان چارەسەر بکرێن".

پێشەوا هەورامانی وتیشی" حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەیەکە نووسراوی بۆ بەغدا کردووە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و هەناردەی دەرەوە بکرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێم، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد، پێشتریش بەرپرسی کۆمپانیای نەوتی باکور رایگەیاندبوو کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە".




PM:01:28:21/09/2025