شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەنجومەنی دەوڵەت لە بەرژەوەندی هەرێم بڕیاری دەرکردوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت جەختیکردووەتەوە لەوەی پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی نانەوتی لە چوارچێوەی دەستوورن".

یەکشەممە ٢١ی ئەیلول شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند "لەگەڵ کەریم خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت قسەمکردووە و پێی گوتم، پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردان، دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت."

شاخەوان عەبدوڵڵا وتیشی"ئەرکی حکومەتی عێراقە سێ مووچە واتا مووچەی مانگەکانی؛ حەوت، هەشت و نۆ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت".

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم جێگری پەرلەمانی عێراق دەڵێت"هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە و کۆمپانیاکان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت پابەنکەر نییە و هەر ئەمڕۆش سەرنجەکانی ئەو ئەنجومەنە بۆ پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراوە.




PM:03:53:21/09/2025