دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ''سێ تیرۆریست'' ڕادەگەیەنێت

یەکشەممە ٢١ی ئەیلول دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند'' بەڕێوەبەرایەتی ‌گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەربەوەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان توانیان لەسنوری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی "سێ تیرۆریست" دەستگیربکەن.'' 

دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ١٨ی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی ‌گشتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەربەوەزارەتی ناوخۆی عێراق بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان لەسنوری پارێزگای کەرکوک تیرۆریستێک دەستگیربکەن. 

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی تیرۆریست و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد توانرا شوێنی دو تیرۆریستی دیكە لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەستنیشان بکرێت و بەهەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان هەردو تیرۆریست دەستگیرکرا".

بەگوێرەی راگەیەدراوكە، ئەو دو كەسە لەماوەی ڕابردو چەکداری داعشبون و لەئێستاشدا کاری ڕێکخراوەی بۆ داعش دەكەن و لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بیری توندڕەویان بڵاوکردوەتەوە، لەئێستادا تیرۆریستان بەماددەی ٢ی تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.




PM:11:10:21/09/2025