سێشەممە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، سالار مەحمود بەرپرسی یەکێتی لە گەرمیان، ڕایگەیاند'' دامودەزگا پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە كوژرانی تێكۆشەری دێرین كاك ئەكبەر حاجی رۆستەم كەسی نزیكی مەسعود بارزانی.''
لەلای خۆشیەوە، مەسعود حەیدەر رۆستەم برازای ئەكبەر حاجی رۆستەم لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویکردەوە'' پیاوی گەورەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و فەرماندەی زیاتر لە پەنجا ساڵ خەبات و تێکۆشان، مامم ئەکبەر حاجی رۆستەم بە دەستی غەدرو بە نامەردی شەهید کرا.''
بەپێی زانیارییە نافەڕمیەکانیش، پێدەچێت کە لەلایەن کەسێکی بە ڕەچەڵەک عەرەب کە لای کاری کردوە کوژراوە بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆكاری كوژرانی ئەكبەر حاجی رۆستەمیان رانەگەیاندووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، کەسایەتی دیاری شاری کفری و کادیری دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، لە نێو زەویوزارەکەی خۆیدا لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە کفری، کوژراوە.
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت'' ئۆتۆمبێلی ئەکبەری حاجی رۆستەم لەجۆری نیسان پیکاب دوای کوشتنی براوە.''