ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و بڕیارە لە کۆبوونەوەکە بڕیار لەبارەی ناردنی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بدرێت.
سەبارەت بەو پرسەش، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری دوو بەرپرسی بواری نەوت بڵاویکردەوە'' رۆژی دووشەممە شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی بەراییان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت ئەنجامداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.''
ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکراکردوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە، چاوەڕوانی رەزامەندی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە.
لەلای خۆشیەوە ئاژانسی بلومبێرگ لەزاری بەرپرسێکی تورکیا ئاشکرایدەکات'' وڵاتەکەی هیچ ئاستەنگێک بۆ رۆیشتنی نەوت دانانێت هەرکاتێک لایەنە عێراقییەکان گەیشتنە رێککەوتن و عێراق ئاگاداری کردوینەتەوە هەناردەکردنی نەوت له چەند رۆژی داهاتوو دەستپێدەکاتەوه.''
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن و ڕێککەوتنی سێقۆڵیان واژۆکرد.
لە مانگی ئازار ساڵی ٢٠٢٣ـوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە کە رۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل بوو.