کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) رایگەیاند"نزیک بوونەتەوە لە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان بەغداد و هەولێردا".
سێشەممە ٢٣ی ئەیلول عەلی نیزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سومۆ، بە میدیا عەرەبیەکانی راگەیاند: "لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا هەوڵێکی زۆر درا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێر. بەرپرسیارێتییەکی زۆر لەسەر وەزارەتی نەوت بوو، کە نوێنەرایەتیی سەرجەم فەرمانگە و کۆمپانیاکانی، لەنێویاندا کۆمپانیای سومۆ، دەکرد. هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم، و لایەنێکی دیکەی گرنگیش کۆمپانیا جیهانییە بەرهەمهێنەرەکان بوون لە هەرێم."
ئاماژەی بەوەدا کە "رێککەوتنەکە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی، چونکە گەیشتووینەتە ئالیەتێکی ورد بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و ناردنی بڕە نەوتە بەرهەمهاتووەکەی هەرێم." وتیشی: "چاوەڕێی رێکارەکانی ناردنی دوای تەواوکردنی سەرجەم وردەکارییەکان، و هەندێک بابەتیش بە نووسین تۆمار دەکرێن."
بەڕێوەبەری سومۆ دەشڵێت "کۆمپانیا جیهانییەکان پێویستیان بە دڵنیاییە لەبارەی دانی شایستەکانیان دوای هەناردەکردن، کە کۆمپانیاکە کار لەسەر دڵنیایی دان بەو کۆمپانیایانە دەکات. حکومەت لە نزیکترین کاتدا دوای واژۆکردنی فەرمیی ئەم ڕێککەوتننامەیە، وادەکە رادەگەیەنێت."