بە وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی باوک و کوڕێک لە قەزای کفری کوژران و گومان دەکرێت کوشتنەکەیان پەیوەندی بە دۆسیەی کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەمەوە هەبووبێت.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاشکرایدەکات ئەو کەسەی کوژراوە گوایە پێشتر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی لەگەڵ ئەکبەری حاجی رۆستەم دا هەبووە و هەڕەشەی لێکردووە.
سەرچاوەکە دەڵێت: کوژراوەکان بە ناوەکانی ئەحمەد عەزیز حوسێن و عەزیز حوسێن، عەرەبن و لە قەزای کفری نیشتەجێ بوون و کەسوکاری ئەو کەسانەن کە وەک دەوترێت بە تۆمەتی کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم دەستگیرکراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە کە سێ تۆمەتبار لەسەر کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم لە بەغدا دەستگیر کران کە یەکێکیان بکوژەکەیە و دوانەکەی دیکەش هاوکارییان کردوە.
شەوی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کەسایەتی کۆمەڵایەتی کفری و ناوچەی گەرمیان، لە نێو باخی خۆیدا لە نێوان گوندی ئۆمربل و گوندی فەتاح ئومەر، کوژرا.