تۆڕی هەواڵی عێراقی ئاشکرایدەکات لەنێوان بارزانی و سودانی، لێکتێگەیشتنی ڕانهگەیەنراو لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتوو هەیە. هەروەها بەپێی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت سودانی هەوڵی رازیكردنی بارزانی دەدات بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانی و بۆ ئەوەش دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەرژەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت.
تۆڕی هەواڵی عێراقی کە پشتی بەسەرچاوەیەکی سیاسیی نزیک لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەستوە، ئاشکرایکردوە، لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لێکتێگەیشتنی ڕانهگەیەنراو لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتوو هەیە.
پێگەکە باسی لەوەکردوە، ئەم لێکتێگەیشتنانە بەئامانجی لاوازکردنی ئەو سازانە سیاسییەیە کە لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکان هەیە.
سەرچاوەکە، کە داوایکردووە ناوی ئاشکرانەکرێت، وتویهتی: گفتوگۆیەکی سیاسیی نهێنیی لەئارادایە، کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار وەردەگرێت لەبەرامبەر پشتگیریکردنی سودانی بۆ خولێکی دیکە لەسەرۆکایەتیی حکومەت.
ئهوهشی وتوه: ئەم هەنگاوە هەڕەشەیە بۆسەر هاوسەنگیی سیاسی کە لەساڵی ٢٠٠٣وە بونی هەیە، بەڵام هەلی سەرکەوتنی نزیکە لەسفر، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی ستراتیژیی لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، کە هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی شێوەی سازانی ئێستا پوچەڵدەکاتەوە.
هاوکات ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردەوە، لە پشت پەردە سیاسییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان، باس لە نەخشەیەکی هاوپەیمانییەتیی ئەگەری دەکرێت و هەریەكە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نوری مالیكی، سەرۆكی حزبی دەوڵەتی یاسا بە ئاڕاستەی دژ بەیەك هەوڵی پێكهێنانی دەدەن، كە سودانی هەوڵی رازیكردنی بارزانی دەدات بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانی و بۆ ئەوەش دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەرژەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، سەرەڕای نادڵنیایی لەبارەی ئەگەری بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، بەڵام لە پشت پەردە سیاسییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان، باس لە نەخشەیەکی هاوپەیمانییەتیی ئەگەری دەکرێت، کە هێشتا نادیارە بەهۆی دابەشبونی ناو هێزەکانی پێکهاتە سەرەکییەکان، شیعە، سوننە و کورد.
ئاماژەی بەوەشكرد، کەمتر لە دو مانگ پێش هەڵبژاردنی یاسادانان لە مانگی (تشرینی دوەم) ئەمساڵ، گۆڕەپانی سیاسیی شیعە دابەشبونێکی ئاشکرای بەخۆوە بینیوە لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"، کە هاوپەیمانییەکە لە دیارترین پارت و گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران پێکدێت.