وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: تەنها یەک کۆمپانیا رێککەوتنە سێقۆڵیەکەی واژۆ نەکردوە

چوارشەممە ٢٤ی  ئەیلولی ٢٠٢٥، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵین بۆ ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکە وەڵاممان بداتەوە.'' 

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە'' وەزارەتەکەیان لە چوارچێوەی راسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، تەواوی پابەندییەکانی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە.'' 

وەزارەتەکە دەڵێت'' سەرجەم کۆمپانیاکانی نێوخۆو بیانی ڕێککەوتنەکەیان واژۆکردوە، جگە لە یەک کۆمپانیای بیانی تاكو ئێستا ئەو ڕێکەوتنەی واژوو نەکردووە کە کاریگەری نییە لەسەر ڕێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتمان و کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ. 

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتوە کە وەڵامی ڕەزامەندییەکانی وەزارەتمان و   کۆمپانیاکان لە ٢٣ ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی ناردووەتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بۆیە چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بو ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکە وەڵاممان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکات و بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات.

ئەمە لە کاتێدایە، لە مانگی ئازار ساڵی ٢٠٢٣ـوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە کە رۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل بوو.




PM:03:23:24/09/2025