سەرۆکایەتی هەرێم و ئەمریکا: پێویستە کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا جەختدەکەنەوە لەوەی پێویستە بە زووترین کات کێشەی داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێت

چوارشەممە، ٢٤ی ئەیلول، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. 
هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە، هاریس ئاماژەی بە بەها هاوبەشەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە واشنتن پابەندە بە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە و فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش. 
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە بە زووترین کات دۆسیەی دارایی و مووچە یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ بدۆزرێتەوە".
 
مەترسییەکانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆخی ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لە دیدارەکەدا، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو.




PM:05:04:24/09/2025