لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ئەیلول ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هاتوە کە پێشبینی دەکرێت مووچەی ''مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش لەلایەن بەغداوە خەرج بکرێت.''
ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت'' پێشوازیی لە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکەین بە پەسەندکردنی ڕێكکەوتننامەی سێقۆڵیی و خەرجکردنی موچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ئەم ساڵ، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، موچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.''
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیان كرد لەبارەی دوا پێشهاتی دۆسیەی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی، ئەنجومەنی وەزیران، جارێکی تر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پشتبەست بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ و یاسای بودجەی گشتی فیدڕال و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی.
هاوکات، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری دارایی و ئابووری ڕاسپێردرا بە زووترین کات، بڕی ١٢٠ ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی بۆ مانگی تەموزی ساڵی ٢٠٢٥ بخاتەسەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێکكەوتنێکی هاوبەشیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ.