رەجەب تەیب ئەردۆغان: هاوكارییەكانمان بۆ دیمەشق زیاد دەكەین

سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت کە پێویستە هەسەدە پابەندبێت بە رێككەوتنەكەی (١٠)ی ئازار و دەشڵێت"بە وردی چاودێری هەموو پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەین".

چوارشەممە ٢٤ی ئەیلول رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ماڵی تورکیا لە نیویۆرک، پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، هاوتا سورییەکەی كردووە.

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و سوریا و پرسەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.

ئەردۆغان پێداگری لە سەر پێویستی پابەندبوونی هێزەكانی سوریا دیموكرات بە رێککەوتننامەی ١٠ی ئازار کردووەتەوەو وتویەتی" تورکیا بە وردی چاودێری هەموو پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات و پشتیوانییەکانی بۆ سوریا بەردەوام دەبێت و زیاتر دەبێت".

ئەردۆغان جەختی لە خواستی خۆی کردووەتەوە بۆ هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆ سەپێنراوەکان بەسەر سوریا بە زووترین کات و تورکیا هەڵوێستێکی ئەرێنی بەرامبەر هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە دەگرێتەبەر کە پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سوریا لە پێشینەیی دادەنێن.




PM:09:41:24/09/2025