حەج و عومرەی هەرێم: سبەی کۆتا رۆژی ناونووسینی حاجییانە

پێنجشەممە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' سبەی هەینی، کۆتا رۆژی پرۆسەی ناونووسینی حاجییانی هەرێمی کوردستانە.'' 

کاروان ستوونی، لە لێدوانێکیدا باسی لەوەکرد، سبەی هەینی کۆتای ڕۆژەی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی خوازیارن حەج بکەن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. 

وتیشی'' ئەگەرچی بڕیاربوو رۆژی ٢٠ی مانگ کۆتا رۆژی تۆمارکردنی ناوی حاجییان بێت، بەڵام لەسەر فەرمانی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بۆ ٢٦ی ئەم مانگە درێژکرایەوە.'' ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو درێژکردنەوەیە وەکو هاوکارییەک بۆ ئەو کەسانەی نەیانتوانیبوو ناویان تۆماربکەن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر لە شەش هەزار کەس سوودمەندی ئەو بڕیارە بوون.

کاروان ستونی لە درێژەی قسەکانی دەڵێت'' یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سیستمکردن و ئەلیکترۆنیکردنی دام و دەزگاکانی حکومەتە بەمەبەستی ئەنجامدانی ئاسانکاری و هاوکاری بۆ هاوڵاتییان و کەمکردنەوەی رووتین و وەزارەتەکەیان لەم کارە سوودمەند بووە.'' 

لە کۆتاییدا جەختیکردەوە لەوەی، سبەی کاتژمێر ١٢ی شەو، پرۆسەی ناوتۆمارکردنی حاجییان کۆتاییدێت و دوای وردبوونەوە لە ناوەکان، تیروپشک ئەنجامدەدەن. 




PM:05:07:25/09/2025