سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند" لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی مێژوویی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری عێراق – توركیاوە".
پێنجشەممە ٢٥ی تەمموز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە "ئێكس" ڕایگەیاند" ئەمڕۆ ڕێككەوتن لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە، بەشێوەیەك كە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت و لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوەی دەكات".
وتیشی" هەناردەكردنەوەی نەوت گرەنتیی دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان و هەمەجۆركردنی دەروازەكانی هەناردەكردنی دەكات كە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدێن".
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە "رێككەوتنەكە دەستكەوتێكە ١٨ ساڵە چاوەڕیمان دەكرد" و دڵنیایی دەدات لە دابەشكردنی سەروەت و سامانەكان بە دادپەروەرانە و جۆرایەتیكردنی دەروازەكانی هەناردەكردن و پشتیوانی وەبەرهێنان".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە عێراق لە ئێستادا ڕۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردە دەكات، بەڵام بۆری كەركوك-جەیهان لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ەوە داخراوە، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵایەكی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراق یەكلاكردەوە.