وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت" ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا سوودی بۆ ئەمەریکییەکان و عێراقییەکان دەبێت".

پێنجشەممە ٢٥ی ئەیلول  مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی" پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکەم".

لە پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە" ڕێککەوتنەکە بە دەستپێشخەریی واشنتن کراوە، هەروەها سوودی دەبێت بۆ ئەمەریکییەکان و عێراقییەکان".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ  وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.




AM:12:09:26/09/2025