هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەستی پێکردەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە، لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە دەستیپێکردەوە.

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەکە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی بەبێ بوونی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دەستی پێکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگەدا.

ڕاشیگەیاند" ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان بە گیانی هاوبەشی و هەماهەنگی، هەروەها بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی".

لای خۆشییەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵایکردەوە کە " کاتژمێر (٧ی)ی بەیانیی ڕۆژی شەممە (٢٧)ی ئەیلولی ٢٠٢٥ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جیهان بە سەرکەوتووانە دەستیپێکرد".








AM:08:56:27/09/2025