نەهرۆ رواندزی: لەمەودوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوا ناکەوێت

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" لەمەودوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواناکەوێت".
 
شەممە ٢٧ی ئەیلول  نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند" "بەپێی بودجەی سێ ساڵەی عێراق، دەبێت بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بگاتە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بەڵام بڕیاری دادگەی فیدراڵی وایکرد کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان کەم بکەنەوە، لەگەڵ هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییانەش. ئەوانە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بوون."
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز وتیشی، "ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنان ٢٤٠ هەزارە. ئەم رێککەوتنە وادەکات کۆمپانیاکان بەرهەمهێنان زیاد بکەن و بیگەیێننە ٤٠٠ هەزار؛ چاوەڕێش دەکرێ لە دوو ساڵی داهاتوودا بگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا."
 
لەبارەی خەرجکردنی مووچە، نەهرۆ رواندزی باسی لەوە کرد، "لەمەودوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواناکەوێت."

وتیشی، "پێش نیوەی مانگی داهاتووش پێویستە مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ دابەش بکرێت، بۆئەوەی لە مانگی ١٠ەوە  لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دابەش بکرێت."




PM:06:06:27/09/2025