کۆبوونەوەی بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دەچێتە چوارچێوەی پێکهێنانی کابینەی نوێوە
کۆبوونەوەی ئەمرۆی بارزانی و تاڵەبانی
لە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دا ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕدەبێت و تەنها نزیکی سێ هەفتە ماوە کەو ئەو ساڵە تێپەڕێت، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت چارەسەرێکی پرسی پێکهێنانی حکومەت بکەن پێش ئەو وادەیەو کۆبوونەوەی بارزانی و بافڵ تالەبانیش لەو چوارچێوەیەدا بووە.
پارتی و یەکێتی تا ئێستا ناکۆکیەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێوە، هەر ئەمەشە پێکهێنانی کابیەنی نوێی دواخستووەو بۆتە خەوشێکی زۆر گەورە بەسەر هەردوو حزبەوە لەسەر ئاستی دەرەوەو ناوخۆ، چونکە تا ئێستا پێکهێنانی هیچ کابینەیەک لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێنەوە هێندەی پێنەچووە.
سەرەتای ئەم مانگە بارزانی سەردانی پاریسی کرد و بەشداری کردنەوەی شەقامێکی بە ناوی "پێشمەرگەوە " کرد لە لێدوانی بەرپرسانی پارتیدا لەسەر ئەو سەردانە، ئاماژە بەوە کرا کە لە دوای گەڕانەوەی بارزانی مژدەی خۆش دەدرێت بە هاوڵاتیانی هەرێم کە ئاماژە بوو بۆ پیکهێنانی کابینەی نوێ، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردەی هەردوو حزب دەچێتە ئەو خانەیەوە.
بۆ پرسی پیکهێنانی کابینەی نوێ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوو را هەیە، رایەکیان کابینەکە بەتەواوی پێکبهێنرێت، راکەی تریان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەگەر بەهۆی ناکۆکییەکانەوە لەسەر دابەشکردنی وەزارەت و پۆستەکانی تر نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا ئەو پۆستانە بە جۆڵی بهێڵرێتەوە تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بەهۆی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی و بافل تاڵەبانییەوە کە ئاماژەکان بە " پۆزتیف " ناوزەدی دەکەن، لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولای پارتی ویەکێتی درێژەی دەبێت، بۆ گەیشتن بە شێوە رێککەوتنێک لەسەر ئاکتیڤکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ پێش وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بڕیارە سبەی یەک شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی بارزانی و تاڵەبانی کۆببێتەوە.
PM:07:44:27/09/2025