جوڵانەوە نەوەی نوێ: شاسوار عەبدولواحید ئەشکەنجە دراوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت: " داوا دەکەین دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید بگوێزرێتەوە بۆ بەغدا" و راشیدەگەنەنێت"سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەشکەنجە دراوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی ئاب، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە دادگای سلێمانییش هێزێکی چەکداری یەکێتیی کە نزیکەی ٥٠  کەس بوون، بەشێوازێکی نەشیاو مامەڵەیان دژی شاسوار عەبدولواحید کرد و ئەشکەنجەیاندا، بەشێوەیەک کە کەلەپچەی لەدەست کرابوو' و بە کەلەپچەکە راکێشراوە و بەهۆیەوە بریندار بووە، وەک ئەوەی تۆمەتبارێکی تیرۆر بێت، لەکاتێکدا ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی کراوە پەیوەندیدارە بەرۆژنامەوانییەوە و سکاڵاکاریش لە دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی کار دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "شاسوار عەبدولواحید بەتوندی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، راکێشراو پاشان بەتوندی پاڵی پێوەنراوە، لەکاتێکدا کە کەلەپچەکراو بوو، ئەم مامەڵەیەش بووە هۆکاری برینداربوونی زۆری دەستی، ئەم رەفتارە تەنها نیشانەی رێزنەگرتن نییە لە کەرامەتی مرۆڤ، بەڵکو پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای بنەما سەرەکیەکانی مافی مرۆڤە، کوا مەردایەتیی و شەرەفی رکابەریی لەم کارەدا؟"

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "کاتێک سەرکردەیەکی سیاسیی مەدەنیی و بێ چەک لەلایەن دەسەڵاتە سەرکەوتکەرەکەتانەوە دەستگیرکراوە، مەردایەتیی و شەهامەتی ئەم رەفتارە نائەخلاقیە لەکوێدایە کە هەموو نەریت و یاساو رێسا ئاسمانیی و زەمینیەکان رەتی دەکەنەوە و هیچ کەسێک قبوڵی ناکات."

نەوەی نوێ دەشڵێت"داوا لەهەموو باڵیوزخانەی وڵاتان، ئەوانەی کە گرنگیی بە بەرگریکردن لە دیموکراسیەت لەهەرێمی کوردستان دەدەن، بەجددی لەم کەیسە بڕوانن، چونکە ئێمە متمانەمان بە دادگای سلێمانیی نەماوەو داوا دەکەین هەموو ئەو کەیسانەی کە دژی شاسوار عەبدولواحید لەوێ سەیریان دەکرێت بگوێزرێنەوە بۆ دادگاکانی بەغدا".




PM:05:32:28/09/2025