میدیای پارتی: سبەی دووشەممە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت بۆ بەغدا دەنێردرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی خێراتر کردووە بۆ ئەوەی سەرەتاکانی مانگی ١٠ مووچەی مانگی هەشت خەرج بکرێت، گرفتەکانی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان موراجەعە) چاککراونەتەوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

یەکشەممە ٢٨ی ئەیلول سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند، "بە ئەگەری زۆرەوە سبەی دووشەممە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت بۆ بەغدا دەنێردرێت، بۆ ئەوەی بەزووترین کات مووچەی مانگی هەشتیش خەرج بکرێت."

سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی نۆ، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد کە لیستەکە تەواو بووە و چەند ڕێککارێکی کەمی ماوە ڕۆژی سێشەممە یان چوارشەممە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی نۆ دەداتە وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەرێم و بەغدا و کۆمپانیاکانی ڕێکەوتنێکی سێ قۆڵیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت راگەیاندوە و نەوتی هەرێمیش دوو ڕۆژە هەناردە دەکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ٧ی مووچەخۆران نەدراوە.




PM:06:20:28/09/2025