قایمقامییەتی دەربەندیخان: خواردنەوەی مادە کحولییەکان لە بەردەم تاڤگەکان قەدەغەیە

یەکشەممە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٥،  قایمقامییەتی دەربەندیخان بڵاویکردەوە، بڕیادرا بەقەدەغەکردنی خواردنەوەی مادە کحولییەکان لەبەردەم تاڤگەکان.

سلێمان محەمەد، رایگەیاند” لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی و بەو پێیەی ئەو جێگەیە موڵکی گشتییە و لە پێناو بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەلایەن هاوڵاتییان و خێزانەکانەوە ئەو بڕیارە دراوە و هاوکات لەسەر ئەرکی قایمقامییەت هێمای قەدەغەکردنی مادە کحولییەکان و حاویەی تایبەت بە فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لەو جێگەیە دادەنرێت". 

بەپێی بڕیارەکەی قایمقامییەتی دەربەندیخان بێت، هەرکەسێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

قائیمقامییەتی دەربەندیخانیش دەڵێت” لەدوای داواکاریی ژینگە پارێزان و هاوڵاتییان بەبڕیاری لیژنەی ئەمنی و بە ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دەربەندیخان ئەو بڕیارە دراوە.”



PM:09:54:28/09/2025