بە پێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری،
بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تاوان و ڕووماڵكردنی ڕاستەوخۆ لە سەرجەم میدیاکان
قەدەغە دەکرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: لە گشتاندنێكی وەزارەتی
ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە بۆ گشت میدیا بینراو و بیستراوەكان
نێردراوە، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تاوان و تۆمەتباران و ڕووماڵكردنی ڕاستەوخۆی
تاوانەكان قەدەغە كراوە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تاوان و ڕووماڵكردنی ڕاستەوخۆ
قەدەغەیە
لە گشتاندنێكی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی
كوردستاندا كە بۆ گشت میدیا بینراو و بیستراوەكان نێردراوە، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و
وێنەی تاوان و تۆمەتباران و ڕووماڵكردنی ڕاستەوخۆی تاوانەكان قەدەغە كراوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە: پیشاندانی تۆمەتبار و شوێن و كاتی
ئەنجامدانی شەڕ و تاوانەكان، لە ڕووی یاساییەوە كاریگەریی گەورەی لەسە ڕێڕەوی
لێكۆڵینەوە دەبێت، لە هەمان كاتدا كاریگەریی لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونیی
خەڵك هەیە، ئەوەش كێشەی خێزانی و ناوچەیی و نەتەوەیی دروست دەكات، چونكە خەڵكانێك
ئەو بابەتانە بۆ بەكارهێنانی سیاسی و هاندان و دووبەرەكی و ئاژاوە دەقۆزنەوە.
لە نووسراوەكەدا ئەوەش هاتووە: داوا لە گشت میدیا بینراو و
بیستراوەكان و ڕایەڵەكانیان دەكەین، بە هیچ شێوەیەك وێنە و ڤیدیۆی هیچ ڕووداوێكی
تاوان و شەڕێك بڵاو نەكەنەوە، هەروەها ڕووماڵی ڕاستەوخۆی شوێنی ڕووداو قەدەغەیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
پێشتریش فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەنراوێکدا رووماڵی لێكۆڵینەوە یاساییەكان لە میدیاكان قەدەغە کردبوو.