دووشەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند'' براکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کە بە کوشتنی دوو کەس تۆمەتبارکرا بوو خۆی ڕادەست کردوە.''
ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هاتووە کە تۆمەتبار جمهور ڕۆستەم محمد لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٤ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە تۆمەتبار، فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو له روداوی کوشتنی دوو هاوولاتی له شارۆچکەی کفری لە رێکەوتی ٢٤/٩/٢٠٢٥ لە ئێستادا ناوبراو بە بڕیاری بەڕێز داوەری لێکۆلینەوە ڕاگیراوە.
ئەو دوو کەس لە کفری کوژران، باوک و برای 'عەزیز عەزاوی'ـین، کە تۆمەتباری سەرەکییە لە کوشتنی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کەسایەتی کۆمەڵایەتی کفری و ناوچەی گەرمیان، لە نێو باخی خۆیدا لە نێوان گوندی ئۆمربل و گوندی فەتاح ئومەر، کوژرا.