دووشەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەباكورو خۆرهەڵاتی سوریا رایگەیاند'' خاڵی ناكۆك لەگەڵ دیمەشق پەیوەستە بەداهاتوی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ''
ئیلهام ئەحمەد لەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند'' لەمیانەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ دیمەشق پێشنیازی ئەوە كراوە كە مەزڵوم عەبدی یاخود فەرماندەیەكی تری هەسەدە پۆستی وەزیری بەرگری یان سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای سوریا پڕ بكاتەوە.''
ئەوەشی ئاشکراکرد، خاڵی ناكۆكیش لەگەڵ دیمەشق پەیوەستە بەداهاتوی هەسەدە و ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەری و سروشتی ئەو سیستمەی كە حوكمڕان دەبێت كە مەركەزی یان نامەركەزی دەبێت.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، تاوەكو ئێستا لەلایەن دیمەشقەوە وەڵام نەدراونەتەوە لەكاتێكدا پێویستە لێكتێگەیشتن هەبێت لەسەر سیستمی ئیداری و سەربازی و تێكەڵكردنی هێزو دامەزراوەكان.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئازار لەنێوان هەسەدە و دیمەشقدا، سەبارەت بە تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە دەوڵەتەوە، بەهۆی ناکۆکییەکانەوە تا ڕادەیەکی زۆر وەستاوە.