لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی پەرلەمانی تورکیا ئەردۆغان لە وتەیەکدا وتی " هەتا هەتایە هاوپەیمانیی تورک و کورد و عەرەب ئاشتیی و ئارامیی و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە دەپارێزێت و بەهێزی دەکات".
رۆژی چوار شەممە ٣١ ی ئەیلول لە دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان سەرۆک ئەو وڵاتە وتارێکی پیشکەشی پەرلەماننان کرد.
لە بەشێکی وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر کورد وتی " تورکیا نیشتیمانی کوردەکانی تورکیایە و هەروەها دڵسۆزترین و متمانەپێکراوترین پارێزەری کوردە لە دەرەوەی تورکیادا".
لە بارەی سوریاوە ئەردۆغان وتی " هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی یەکپارچەیی خاکی سوریامان کردووە و بە توندی دژی پلانەکانی دابەشکردنی سووریا دەوەستینەوە".
"هەموو هەوڵێکمان گرتۆتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سوریا و چالاکیەکی تیرۆریستی لەو وڵاتە، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بێ وەڵام بمێننەوە، سیاسەتی تورکیا ڕوونە کە ڕێگە بە دووبارەبوونەوە ئەزموونی تاڵی رابردوو لە سوریا نادەین"( ئەردۆغان بە ناراستەوخۆ هەرەشەی کرد).
ئەردۆغان وتیشی " ئەم هەڵوێستەی ئێمە دژی برا کوردەکانمان نییە، بەڵکوو لە بەرژەوەندی ئەواندایە. هەنگاوێکە بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکەمان لە تیرۆر، هەروەک چۆن تورک و کورد و عەرەب پێکەوە لە چەناقەڵا بەرگریان لە نیشتمان کرد، بەم زووانە پێکەوە خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی وڵات بەهێزتر دەکەین. تورک، کورد، عەرەب، سوننە، شیعە، هەموومان بەرەوە داهاتوویەکی هاوبەش هەنگاو دەنێین، بەبێ گوێدانە نەتەوە، زمان، یان مەزهەب".
سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد، پشتیوان بەخودا تا هەتایە هاوپەیمانیی تورک و کورد و عەرەب ئاشتیی و ئارامیی و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە دەپارێزێت و بەهێزی دەکات، تورکیا نیشتیمانی کوردەکانی تورکیایە و هەروەها دڵسۆزترین و متمانەپێکراوترین پارێزەری کوردە لە دەرەوەی تورکیادا.
هەر ئەمڕۆ کورتۆڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند کە ئەوان هیچ چاکسازییەکی یاسایی ناکەن تا پەکەکەو باڵەکانی لە نێویاندا هەسەدە چەکدانەنێت.