کۆمسیۆنی چارەسەری پرسی کورد لە باکوری کوردستان کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهاتووە ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمەڵەکانی بواری یاسا و یاساناسان کۆبووەوە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش ١٣هەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بەڕێوەچوو کە تایبەت بوو بە کۆبوونەوە لەگەڵ یاسانان لەبارەی پرسی چارەسەریەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا مافناسان ئاماژەیان بۆ زەرورەتی هەبوونی دەستورێکی نوێیان بۆ تورکیا دەکرد.
وەک ئەو میدیایە بڵاویکردۆتەوە، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی سۆسیال دیموکرات کەمال ئاککورت وتی "پێویستە لە چوارچێوەی بنەمای ئاشتەوایی لە وڵات و ئاشتیی لە جیھاندا کار بکرێت".
سەرۆکی گشتیی دەزگای توێژینەوە یاساییەکان حەسەن ئۆیماک ئاماژەی بەوەکرد"پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە ئەم پڕۆسەیە دڵسۆزانەیە. پێویستە لە چوارچێوەی خشتەیەکی کاتییدا هەموو چەکەکان ڕادەست بکرێن یان لەناو ببرێن. بە هەمان شێوە پێویستە لە چەند پرۆسەیەکدا هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکھاتانەی پەیوەندیان بە ڕێکخراوەکەوە هەیە لە چوارچێوەی خشتەیەکی کاتییدا جێبەجێ بکرێت، پێویستە لە نزیکەوە چاودێری ئەم پرۆسەیە بکرێت".
کۆبوونەوەی گرنگی لیژنەکە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆچ ئالان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە دەبێت کە بەخاڵێکی گرنگی پرۆسەکە دادەنرێت.