سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت "زیاتر لە ١٠٠ کەس تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا کە بەشێکیان خێزانداربوون گەڕێندراونەتەوە عێراق کە زۆرینەیان کوردن و خەڵکی سلێمانی و دهۆک و زاخۆ و ڕاپەڕینن".
ئەمڕۆ ٤ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند "لە مانگی ١٠ـی ئەمساڵەوە وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەت ئەڵمانیا، سوید و نەرویج دەستیان بە گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ عێراق کردووە، لەم مانگەدا یەکەم قۆناغی ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە یاخود کارتی نشینگەیان نوێ نەکراوەتەوە، گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد".
هەروەها دەشڵێت" نیگەرانیەکی قوڵمان هەیە سەبارەت بە کۆچی بە لێشاوی گەنج و ئەو کێشانەی لە ڕێگای کۆچدا بە تایبەت لە وڵاتانی تونس و لیبیا ڕوبەڕوویان دەبنەوە و لە کاتی گەیشتنیشیان بۆ وڵاتانی مەبەست دەگەڕێندرێنەوە".
"دوا دەکەم گەنجان ئەو ڕێگا مەترسیدارە نەگرنەبەر، چونکە ئێستا سیاسەتی وڵاتان بەرامبەر بە پەنابەر گۆڕدراوە و بە زۆرە ملێ دەیانگێڕنەوە"( بەکر عەلی وای وت).
لە بارەی ئەو ڕێوشوێنانە کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستە بیگرنەبەر بەکر عەلی وتی" هەردوو حکومەت بەر لە کۆچکردن خەمساردانە مامەڵە نەکەن و زەمینەی دادپەروەری و کار بڕەخسێنێت بۆ گەنجان".
لە کۆتایدا سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی کرد کە یارمەتیدەرن بۆ گێرانەوەی پەنابەرە قبوڵنەکراوەکان و ئەو ٣٠٠ هاوڵاتیەی لە تونس و لیبیا گیریانخواردوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان ڕوویان کردووەتە ئەورووپا و بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نیشتمانی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ IOM لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢بۆ ٢٠٢٤ نزیکەی ١٢٠ هەزار گەنج لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردوە.