قوباد تاڵەبانی دەڵێت" باوەڕمان بە هێڵی سور و شتی وا نییە بۆ وەزارەتەکان و لەگەڵ پارتی گەیشتوینەتە دیدگای هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وتویەتی" وەک یەکێتی و پارتی هەنگاوی باشمان بڕیوە و بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان و گەیشتوینەتە ڕێکەوتنێکی هاوبەش بۆ دیدگای حکومڕانی، کە لە ڕابردودا دیدگای جیاواز هەبووە".
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکێتیە بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڵێت " ئەوەی ماوە ئێستا پێکهێنانی حکومەتە و ئێمە باوەڕمان بە هیچ هێڵێک نیە و ئەمە دانوستانە، لە لایەکەوە دەبێت هەندێک شت بدەن و لە لایەکی ترەوە هەندێک شت وەردەگرن، هەردوولا کە حکومەتێکی هاپەیمانی دروست دەکەین، دەبێت بەو ڕۆحیتەوە بچینە گفتوگۆوە".
ئەمە لە کاتێکدایە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و بە پێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕێژەی بەشداریکردن ٧٢٪ بوو، ژمارەی کورسیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ٢٣ کورسی و لایەنەکانی دیکەش ٣٣ کورسیان بەدەست هێنا، بەڵام تا ئەم کاتە کە نزیکەی ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنەکاندا حکومەت پێک نەهاتوە.