سووریا.. یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان لەدوای رووخانی ئەسەد بەڕێوەدەچێت

لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای گۆڕانی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەدەچێت.

حەسەن دەغیم، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە سووریا، پێشتر پشتڕاستی کردەوە کە پێکهێنانی دەستەکانی دەنگدەران، کە ئەندامانی ئەنجومەنی گەل هەڵدەبژێرن لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەژێر چاودێری سیستمی نوێدا کە بڕیارە لە ٥ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەبچێت، ڕەچاوی فرەڕەنگی کۆمەڵگەی سووری دەکات بەپێی دوایین سەرژمێری دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١١.

بڕیار بوو هەڵبژاردن، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا بەڕێوەبچێت، بەڵام دەسەڵاتداران هەڵبژاردنەکانیان دواخست بەهۆی بەشداری نەکردنی ئیدارەی خۆسەری کوردی دۆخی ناجێگیری پارێزگای سوەیدا، کە تێیدا پێکدادان لەنێوان هێزەکانی بەرگری خۆسەری دروزی و میلیشیاکانی عەشیرەتە خۆجێییەکان ڕوویدا.

وەشانە کۆتاییەکەی سیستمی هەڵبژاردنی کاتی بۆ ئەنجومەنی گەلی سووریا لە کۆتایی مانگی تەممووزدا ئامادەکرا، گرنگترین گۆڕانکاری زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بوو لە ١٥٠ کورسی کە لە سەرەتادا پلانی بۆ دانرابوو بۆ ٢١٠ کورسی، لەگەڵ دیاریکردنی ٧٠ لە کۆی ٢١٠ پەرلەمانتار لەلایەن سەرۆکی کاتی وڵاتەوە.

ئەم هەڵبژاردنە بەوە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە جیادەکرێتەوە کە هەڵبژاردنێکی گشتیی نیە، واتە هەموو هاووڵاتییانی سووریا مافی دەنگدانیان نییە، بەڵکو پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای لیژنەکانی هەڵبژاردنە کە لە دوو ئاستدا پێکهێنراون، ئاستی یەکەم کەسایەتییە دیارەکانە، کە خۆیان لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە دیارەکان دەبیننەوە، دەبێت لانیکەم بڕوانامەی ئامادەیییان هەبێت و ٣٠%ی ئەندامانی لیژنەکە پێکدەهێنن، ئاستی دووەم بریتیین لە کەسایەتییە لێهاتووەکان، کە ئەکادیمیست و پسپۆڕان و نوێنەرانی سەندیکا پیشەییەکان لەخۆدەگرێت، کە ٧٠%ی ئەندامانی لیژنەکە پێکدەهێنن و دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ یان هاوتاکانیان بن.

جێی باسە، هەڵبژاردن لە سەرجەم پارێزگاکانی سووریا جگە لە سوەیدا و حەسەکە و رەققە بەڕێوەدەچێت.




AM:10:18:05/10/2025