رێکخراوی DHRD راگەیەنراوێکی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردەوە و دەڵێت" رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێستادا لە جیھاندا بە گشتی و لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەتی لەوپەڕی خراپیدایە بە بەراورد بە دەیەکانی کۆتایی سەدەی ڕابردوو."
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە " بەردەوام ئاڵنگاریەکان و دۆخە نالەبارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ڕێگربوون لە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕێکخراوەیی و ئەو ھەوڵ و کۆششانەی کە لە ڕابردودا (DHRD) و ھاوبەشەکانی و وڵاتانی جیھان ھەوڵیان بۆ داوە.".
دەقی راگەیەنراوەکە:
لەسەرەتاکانی سەدەی بیست ویەکدا کە ئەوکات عێراق وھەرێمی کوردستان لە سەروبەندی گۆڕنکاریەکی ڕیشەییدابوو ، دروستبوونی ڕێکخراوێکی وەک (DHRD) یەکێک بوو لە پێداویستیە ھەنوکەییەکان، وە لە ڕوانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە لەلایەن کۆمەڵێک یاساناس و پارێزەر و مامۆستای زانکۆ و کەسانی ئەکادیمی و خەمخۆرانی مافەکانی مرۆڤ ڕیکخراوی (DHRD)لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٢٠٠٢/١٠/٦) لەشاری سلێمانی دامەزرا، بە ئامانجی گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی و بەرقەراربوونی یاسا و دیموکراتیزەکردنی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان.
بۆ ڕێکخراوێک و دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێ لایەن کە ٢٣ ساڵ تەمەنی تێپەڕاندبێت وپەیامی چەسپاندنی بنەما سەرەکیەکانی مافی مرۆڤ و گەشەپێدانی دیموکراسیەت و یەکسانی بێت بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، نەک کارێکی ئاسان نەبووە بەڵکو نزیک بووە لە ئەستەم بە تایبەتی لەو ھەلوومەرجە ئاڵۆزە سیاسی و ئابووری و یاسایی و کۆمەڵایەتییە جیاجیایانەی کە ھەرێمی کوردستان و عێراقی بەبەردەوامی پێدا تێپەڕدەبێت.ھەر لەسەرەتاوە (DHRD) توانیویەتی ھەنگاو بە ھەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ برەو بەتوانا و لێھاتووییە پیشەیی و ڕێکخراوەییەکانی بدات و کار بکات بۆ بە بەدامەزراوەیی کردنی خۆی.
(DHRD)لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمخۆری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەردەوام پاڵپشتی و بەشداریکردوە لە "باشترکردنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و پاراستن و بەرگریکردن و داکۆکیکردن لەمافی ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی ژنان ومنداڵان و نەوجەوانان و خاوەن پێداویستی تایبەت و تۆمەتباران و بەندکراوان و ئاوارەو پەنابەران و بەرەنگاربوونەوەی ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی و توندڕەوی توندوتیژ و ئەشکەنجەدان" . ئەمەش بە ھاوبەشی دامودەزگا حوکومییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەندین کار و چالاکی، لەوانەش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ، بونیاتنانی تواناکان، داکۆکیکردن، بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری، چێودێریکردنی دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان جێبەجێکردن. سەرباری ھەموو ھەوڵ و ماندوبوونەکان.بەڵام بەردەوام ئاڵنگاریەکان و دۆخە نالەبارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ڕێگربوون لە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕێکخراوەیی و ئەو ھەوڵ و کۆششانەی کە لە ڕابردودا (DHRD) و ھاوبەشەکانی و وڵاتانی جیھان ھەوڵیان بۆ داوە.
ئەوەی جێگەی داخ و نیگەرانیمانە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ کە ساڵەھای ساڵە خەمخۆرانی مافەکانی مرۆڤ ھەوڵی جێگیرکردن و بە جیھانی بوونی دەدەن لە ئێستادا لە جیھاندا بە گشتی و لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەتی لەوپەڕی خراپیدایە بە بەراورد بە دەیەکانی کۆتایی سەدەی ڕابردوو.
بەو بۆنەیەوە (DHRD) بەھەلی دەزانێت کە سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان و دام ودەزگا نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان ئاگاداربکاتەوە لەو ڕەوشە خراپەی کە کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی پێدا تێپەڕدەبن و لەخەمی باشترکردنی دۆخی ژینگەی کاری ڕێکخراوەیی و ئەم سێکتەرە گرنگەی کۆمەڵگابن چونکە بەردەوام ئەم سێکتەرە جگە لەوەی بووەتە ھاوکار و ھەماھەنگ بۆ دام و دەزگا حکومییەکان لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و شکۆی مرۆڤ ، لە ھەمان کاتدا بووەتە مایەی بەدیھێنانی ئامانج و ئاواتی زۆرێک لە توێژە پەراوێزخراوەکان و پاڵپشتی زۆرێک لەوانە دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و پێشێلکاری بوونەتەوە، ئێمە لە کاتێکدا کە ئەمە دەخەینە ڕوو ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژ بەڕۆژ بەھۆی پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیاوە بواری دەست تێوەردان بۆ مافەکانی مرۆڤ و تایبەتمەندی کەسیی تاکەکان لە زیادبووندایە ، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە پێویستە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان ھەوڵەکانمان چڕبکەینەوە لە پێناو فەراھەم کردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕێکخراوەیی کە بتوانرێت لەوژینگەیەدا بە بێ ھیچ ئاڵنگارییەک داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ بکرێت.
سەنتەری پەرەپێـــدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
٢٠٢٥/١٠/٦