ئۆمێد سەباح: هەرکات بەغدا بڕیاری ناردنی دوو مووچە بدات ئێمەش داهاتی نانەوتی دەنێرین

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک بڕیاری لە بەرژەوەندی پارێزگای هەڵەبجە دەرکردووە، و هەروەها وتی" هەرکات بەغدا بڕیاری ناردنی مووچەکانی ٨ و ٩ ی دا ئێمەش ئامادەین داهاتی نانەوتی بنێرین".

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند،" حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک بڕیاری لە بەرژەوەندی پارێزگای هەڵەبجە دەرکردووە، کە وەک دیاری پێشکەشی دانیشتوانی سنوورەکە کراون.
وتیشی" بڕیار دراوە بەگوژمەی ٢٥ ملیار دینار پرۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، هەروەها کار لەسەر ئەوە کراوە ژێرخانی کارگێڕی بۆ پارێزگای هەڵەبجە فەراهەم بکرێت".

ڕاشیگەیاند" لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ٥٠٠ کەس بۆ پارێزگاکە دامەزرا، دواتر ٥٢ کەسی دیکەش زیادکرا، و لەسەر داوای پارێزگار و ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە بڕیاری داوە ٢٥٠ کەسی دیکە بۆ پارێزگاکە دابمەزرێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆكی حكومەتی رەزامەندی داوە لەسەر ئەوەی دەروازەی سازان وەكو دەروازیەكی ناوخۆیی بكرێتەوە.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد کە مەسرور بارزانی نامەیەکی بۆ سودانی ناردووە و داوای کردووە گرنگی بە بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت نەدرێت.

باسی لەوەشکرد: هەرکات حکومەتی فیدراڵی عێراق داوامان لێ بکات بۆ ناردنی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ داهاتی نانەوتی بنێرین ئێمە ئامادەین، بەڵام تا ئێستا بڕیاری ناردنی ئەو دوو مووچەیە نەدراوە.

لە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم، کە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت یەکێکی ترە لە کێشەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای بۆچوونی ئەنجومەنی دەوڵەتی کرد.




PM:12:13:06/10/2025