لە قەزای سۆران مامۆستایەک لە ناو حەوشەی قوتابخانەکەی لە لایەن برای خوێندکارێکی قۆناغی یەکی بنەڕەتیەوە بەچەقۆ بریندار دەکرێت
ئەمڕۆ ٦تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ لە قوتابخانەی بانەدەشتی بنەڕەتی تێکەڵاوی سەر بە بەڕێوبەرایەتی قەزای سۆران، کێشە لە نێوان مامۆستایەک و برای خوێندکارێکدا دروست دەبێت، برای خوێندکارەکە کە تەمەنی ١٤ ساڵە، ویستویەتی بچێتە ژورەوە بۆ لای براکەی و لە لایەن مامۆستاکەوە ڕێگەی پێنەدراوە، بە چەقۆ هێرشی کردوەتە سەر مامۆستاکە و برینداری کردوە.
دوای گەیاندنی مامۆستاکە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەرکردنی برینەکەی ڕاوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
بە پێی زانیاریەکانی سپی مامۆستاکە سکاڵای تۆمار کردوە، بەڵام تا ئێستا برای خوێندکارەکە دەستگیرنەکراوە.