هێزەکانی حکومەتی سوریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب

حکومەتی کاتی سوریا چەکی قورسی لە نزیک گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب جێگیر کردوە و هێرش و پێکدادان لەگەڵ دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە ڕوویداوە. 

ئاژانسی هەواڵی هاوار، دووشەممە ٦ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە، هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بەربەستی گڵیان داناوە و چەکی قورسیان هێناوەتە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب.

لە ئێستادا بەشێک لەو هێزانە هێرشیان کردوتە سەر دانیشتوانی ئەو گەڕەکان و شەڕ لە نێوانیان ڕوویداوە تا دێت گرژییەکان زیاتر دەبێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی گشتیی هەردوو گەڕەک، ڕژانە سەر شەقامە سەرەکییەکان، وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی گەمارۆدانیان.

هاوکات، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکەکە ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بەم پێشهاتانە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە.
 




PM:10:13:06/10/2025