خۆپیشاندانی هاوڵاتییەکان گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە دژی گەمارۆ بەردەوامە، تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی هێزەکانی ئەحمەد شەرعەوە ١٥ هاوڵاتی بریندار بوون.
سەدان کەس لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب کە کوردن، لە دژی ئەو بازگە و ساترانە، کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشقەوە بۆ گەمارۆدانی گەڕەکەکان دانراون، ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.
لە ئێستادا هێزەکانی سەر بە حکومەتیی کاتیی سوریا بە چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندانەکان و بەپێی زانیارییەکان، ١٥ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.
بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە.
لەبەرامبەردا میدیای فەرمی سوریا بڵاویكردوەتەوە، هیچ جۆرە گەمارۆیەكی ئەو گەڕەكە كوردنشینانە نەدراوە بەڵكو تەنیا لەلایەن هێزی ئاسایشی ناوخۆوە چاودێری جموجۆڵی هێزەكانی سەر بەهەسەدە دەكرێت.