ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکی پەیەدە وتویەتی لە هێرشی دوێنێ شەوی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دوو کەس شەهیدبوون و ٦٠ کەسی دیکەش بریندارن.
ئەمڕۆ ٧تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ سەبارەت بە زیانە گیانیەکانی هێرشەکانی دوێنێ شەوی هێزەکانی سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب ساڵح موسلیم زانیاری بۆ میدیاکان خستۆتە ڕوو کە دوو شەهید و ٦٠ بریندار هەن، هەروەها سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندنی خۆبەڕێوبەری و حکومەتی سوریا بە بەشداری نوێنەری ئەمریکا، وتویەتی: شاندەکەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دەرەوەی پەیوەندیەکانی ئیدارەی خۆسەر و ڕۆهلات عەفرین فەرماندەی یەپەژە چونەتە دیمەشق و هۆکاری کۆبونەوەکەشیان بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی ڕێکەوتنی ١٠ی ئادارە.
گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دوو گەڕەکی کورد نشینی شاری حەلەبن کە ئەنجومەنی خۆبەڕیوبەری خۆیان هەیە، لە ١نیسانی ٢٠٢٥ ڕێکەوتنێک لە لایەن ئیدارەی بەڕێوبەری هەردوو گەڕەکەکە و لیژنەی حکومی دیمەشق لە حەلەب واژۆکرا، کە خۆی لە ١٤ خاڵدا دەبینیەوە کە باسی پێکەوە ژیان و ئەمنیەت و بەڕێوبردنی هەردوو گەڕەکەکە بوو، لە چواری نیساندا هێزەکانی هەسەدە لە هەردوو گەڕەکەکە کشانەوە، ڕۆژی ڕابردووش هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع هێرشیان ئەنجامدا بۆ سەر گەڕەکە کورد نشینەکان.