لە دوو ڕوداوی ئاگر کەوتنەوە لە سنوری شارباژێر و پێنجوێن نزیکەی ٦٠ دۆنم لە پوش و دارستان و ڕەز و باخی هاوڵاتیان سووتا.
ئەمڕۆ ٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک زانیاری سەبارەت بە کەوتنەوەی دوو ئاگر لە سنوری پارێزگاکە ڕاگەیاند، لە ڕایگەیاندراوی یەکەمدا هاتوە" بە هۆکاری نادیار ئاگرێک لە سنوری گوندی باراو لە شارباژێر کەوتەوە، کە بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکان ٢٠ دۆنم لە دارستانی سروشتی و ڕەز و باخی هاوڵاتیان سوتاوە و بە هاوکاری پۆلیس و بەرگری شارستانی ناوچەکە و خەڵک ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن"
سەبارەت بە ئاگرەکەی سنوری پێنجوێنیش بەڕێوبەرایەتیەکە دەڵێت " بە هۆکاری نادیار لە سنوری گوندی کەژان لە قەزای پێنجوێن ئاگرێکی ڕووبەر فراوان کەوتوەتەوە و بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە تواندراوە ئاگرەکە دوای سوتانی نزیکەی ٤٠ دۆنم کۆنترۆڵ بکەن".
سەبارەت بە هەردوو ڕووداوەکە تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نیە و بە وتەی بەڕێوبەرایتیەکەش لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکار و دەر ئەنجامەی ئاگرەکە بەردەوامە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و وشک بوونی گژوگیا ئاگر لە پاوان و دارستانەکان دەکەوێتەوە و تا ئێستاش چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی ڕوداوەکانی ئاگرکەوتنەوە نەدۆزراوەتەوە و هەموو ساڵێک ئەم ڕوداوانە دووبارە دەبنەوە.