شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی خانەنشیان خەرج دەکرێت

وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای دەکات کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە بە چەند قۆناغێک شایستەی ٦ مانگی ئەو خانەنشینانە دابەش دەکرێت کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە.

ئەمشەو سێشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە راگەیەنروێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە " بەپێی بڕیای ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری، ڕۆژی چوارشەممە ( ٢٠٢٥/١٠/٨ ) شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی سەرجەم ئەو خانەنشینانە بەشێوازی قۆناغ بە قۆناغ دابەش دەکرێت، کەلەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبونیان بۆ دەرکراوە و تا ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە."

لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە کە"شایەنی باسە چەند جارێک بەنوسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە ئەو شایستەیەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی تری عێراق خەرج بکات بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر نەداوە، بۆیە بڕیاردرا سەرجەم ئەو شایستانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".




PM:10:13:07/10/2025