ژمارەیەک کاندید لە هەڵبژرادن دوورخرانەوە و چەند کەسی تریش سزادران

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەیەک لە کاندیدی لە هەڵبژاردن دوورخستووەتەوە و جگەلەوەش چەندین کاندیدی بە پێبژاردن سزا داوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەی سەجاد سالم حوسێن شاتی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوە.

ئاشکراشی کرد کە هەریەک لە رابیعە عەباس قاسم و محەممەد گتوف مەنسوور عەنبەر، لە هاوپەیمانیی سەروەریی نیشتمانی و لە بازنەی بەغدا، دوورخستووەتەوە، بەربژێرێکی دیکەش بەناوی زیکرا مەهدی سەلمان گەڕێندراوەتەوە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن، جگە لەوەش هەشت بەربژێری جێگرەوەی دوورخراوەکان کێشەی بەڵگەنامەیان هەیە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سێ رۆژ مۆڵەتی پێداون بۆ تەواوکردنیان، بەپێچەوانەوە ناوەکانیان دەسڕدرێتەوە.

بڕیارەکە بەگوێرەی ماددەی (٧/دووەم) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ دراوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هۆکاری دوورخستنەوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە سەجاد سالم "بە ئاشکرا سووکایەتی بە کەژاوەی حوسێنییەکان و بەشداربووانی مانگی موحەڕەم کردووە.''
 
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەروەها ١٠ ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەر مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری لیستی "ئەبشر یا عێراق"ـدا سەپاند.
 
لە بڕیارێکی دیکەشدا ئەنجوومەنەکە ٩ بەربژێری دیکەی بەهۆی سەرپێچیی بنەماکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە پێبژاردن سزاداون.




AM:11:14:08/10/2025