هاوسەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە، لە وەڵامی دەوڵەت باخچەلی-دا رایگەیاند" کە هەسەدە چەک دانانێت و لەلای ئۆجەلان رۆژئاوای کوردستان هێڵی سوورە".
سەبارەت بە چەکدانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند" ئێمە چەکمان لە بەرامبەر تورکیا و دیمەشق هەڵگرتووە و ئامادەنین چەک دابنێین و خۆمان رادەست بکەین."
موسلیم جەختی لەوە کردەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، رۆژئاوای کوردستانی بە "هێڵی سوور" ناوبردووە.
هۆشداریشی دا لەوەی کە "مەترسی هەیە هەمان ئەو رووداوانەی بەسەر عەلەوی و دروزەکاندا هات، بەسەر کوردیشدا بێت، بۆیە چەکدانان و خۆرادەستکردن روونادات."
ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی کاتی بە دڵنیاییەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئامانجی خۆیان هەیە بۆیە لە گەڵیان هاوڕان، تورکیاش ئەمە وەک ئامرازێکی گوشار لە دژی ئێمە بەکاردەهێنێت و بەردەوام لە ڕێگەی تورکیاوە گوشار دەخەنە سەرمان، هەوڵدەدەن فریومان بدەن، بەڵام ئەمە روونادات چونکە ئێمە سیستەمێکمان هەیە.