روانگەی سوری: دۆخی ئەشرەفیەو شێخ مەقسود ئاسایی نەکراوەتەوە


روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ  ئاشکرایدەکات، سەرەڕای ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی ئینتقالی دیمەشق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیەو شێخ مەقسود، بەڵام تا ئێستا گەمارۆکانی سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەردەوامە. 

 
روانگەی سوری ئەمڕۆ چوار شەممە رایگەیاند "بەپێی زانیارییەکان، ئەو خاڵانەی کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی ئینتقالی دانراون، بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی پێداویستی خۆراک و سووتەمەنی. هەروەها ڕێگری دەکەن لە چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لە خەڵکی سڤیل بۆ گەڕەکەکان. ئاو و کارەبای نیشتمانیش پچڕاوە".

روانگە ئاماژە بەوەش دەکات کە گەمارۆدان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی دروستکردنی قەڵا سەربازییەکان لە دەوروبەری گەڕەکەکان، کە دۆخی ئەمنی خراپتر دەکات و تەحەدای جددی بۆ خەڵکی سڤیل دروست دەکات و، مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان و ئاسایشی خۆراک دروست دەکات.

لە دوێنێوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چاودێری دۆخی ئارامی ئەو دوو گەڕەکە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتووان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکان هەیە. بەشێک لە خێزانەکان ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.

شەوی ٦ ی تشرینی یەکەم هێزەکانی سەر بە شەرع تەقەیان لە خۆپیشاندانی مەدەنی لەو دوو گەڕەکە کردو کەسێک کوژراو زیاتر لە ١٥ هاوڵاتی مەدەنی تر برینداربوون و، شەڕێکی قورس لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی کورد و هێزەکانی شەرع روویداو چەند کاتژمێر بەردەوام بوو، دواتر بە دەستوەردانی ئەمەریکا شەڕەکە راگیرا.

دوێنێ سێ شەممەش لە دیمەشق کۆبوونەوە لە نێوان مەزڵوم عەبدی و وەزیری بەرگری سوریا بە ئامادەبوونی ئەمەریکییەکان سازکراو جەخت لەسەر ئاگر بەست لە هەموو بەرەکان کرایەوە.




PM:03:06:08/10/2025