سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە شکڵی ئۆپۆزسیۆنەوە لە هەرێمدا دەڵێت" ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا تەوژمە، ئەو نووسەر و رەخنەگرانەی کە قسە دەکەن ئەوانەش بەشێکن لە ئۆپۆزیسیۆن."
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری رۆژی چوارشەممە لە دووەم رۆژی دیداری مێری لە وتارێکدا، رایگەیاند: "هەر کۆمەڵگەیەک رای جیاواز و رای رەخنەگری تێدا نەبێت، واتای ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی مردوو یان سەرکوتکراوە".
هەروەها وتیشی "ئۆپۆزیسیۆن کاریگەری هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات."
لە بارەی کەموکوڕی ئۆپۆزیسیۆنەوە. سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری جەخت دەکاتەوە کە ئۆپۆزسیۆن "کەموکوڕی" هەیەو، دەڵێت" یەکێک لە کەموکوڕییەکانی پەرش و بڵاوییەتی، هۆکارەکەشی ئەوەیە هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکان خاوەنی بیروڕای خۆیان نین."
هێرشدەکاتە سەر هەندێک لە لایەنەکانی ئۆپزسیۆنو و وتی " بەشێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان دروستکراون، هەندێکیشیان وەکو کۆلارە هەڵیانداوە، هەرکاتێک ئیشیان پێی نەما دەینیشێننەوە."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی رەخنەی لە هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن گرت و وتی: "خەڵکی هەبوون بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە قسەیان کردووە و دوایی دەرچووە کە وانەبووە."
لە بارەی بەهێزبوونی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیەوە، عەلی باپیر دەڵێت " بەهێزبوونی حیزبەکانی دەسەڵات بەهۆی هەندێک لە کاریگەرییە هەرێمییەکانە و نموونە بە تورکیا و ئێران دەهێنێتەوەو، ئەوان پشتگیری ئەو حیزبانە دەکەن کە هاوسنووری خۆیانن، چونکە بەرژەوەندیی ئابووری و ئەمنییان لەگەڵیاندا هەیە."
عەلی باپیر لە بارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە لە کاتی خۆیدا وتی "جۆرێک لە دوودڵی و گومانم هەیە کە هەڵبژاردنی عێراق بکرێت، چونکە پێموایە رووداوگەلێک روودەدەن کە هەڵبژاردن پەکدەخات و ناکرێت، لەوێش ئەوکاتە بەشداری دەکەین لە پەرلەمان کە دیزاین نەکراوبێت".