تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ڕایگەیاند " ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سوریا، بەڵکو بە یەکسانی بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئەمریکا گرنگی هەیە".
ئەمڕۆ ٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس(تویتەر) تۆم باراک پەیامێکی سەبارەت بە کۆبونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردوە و ڕایگەیاندوە "وەک نێردراوێک سەردانی حەسەکەم کرد بۆ ئاسانکاری و چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ ئادار لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا".
سەبارەت بە تەوەری گفتگۆکانی ناو کۆبونەوەکە تۆم باراک دەڵێت "بەشداریکردنم لە کۆبونەوەکە بە شەفافیەتێکی تەواو و بە ڕۆحی پێشخستنی سەقامگیری ناوچەیی، هەماهەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستڕاگەیشتنی مرۆیی بەڕێوەچوو، کە هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی تورکیە دەکەن".
باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا وتویەتی "هەر پێشنیارێک کە بڵێین سەردانەکە چالاکییەکانی تێکدانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیە یان یەکپارچەیی خاکی تورکیای تێدابووە، بە تەواوی بێ بنەمایە. وە هەر تۆمەتێک کە بوونی نەخشەیەک کە هەرگیز لە ژوورێکی کۆبوونەوەدا نەمبینیبوو و تێیدا نەبووم، بە جۆرێک بەرژەوەندییەکانی تورکیا تێکبدات، بە تەواوی گاڵتەجاڕییە، ئەرکی منە بەشداربم لە میکانیزمە هاوکاریەکان و کەمکردنەوەی هەڕەشەی سنورەکان و پشتگیری ئاشتی و ئاوەدانی بکەم".
ڕۆژی دووشەمە ٦تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا تۆم باراک و ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ مەزوڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەند بەرپرسێکی دیکەی بەڕێوبەری خۆسەر کۆبونەوە.