هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختیان لەوەکردەوە کە هەوڵێکی هێزەکانی حکومەتی سوریایان بۆ ناو جەرگەی بەنداوی تشرین لە ناوچەی منبج لە پارێزگای حەلەب پووچەڵ کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گروپێک لە چەکدارانی حکومەتی دیمەشق هەوڵیاندا دزە بکەنە ناو یەکێک لە پێگەکانی هێزەکانیان لە لادێکانی بەنداوی تشرین، بە بەکارهێنانی نارنجۆکی دەستی ئەندامەکانیان بکەنە ئامانج و ئارامی ناوچەکە تێکبدەن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ هێزەکانیان دەستبەجێ بەرپەرچیان داونەتەوە و هێرشیان کردوەتەوە سەر گروپە چەکدارەکە و لە نێوانیاندا پێکدادانی راستەوخۆ رویداوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە؛ یەکێک لە گروپە چەکدارەکەی سەر بە حکومەوتی دیمەشق کوژراوە و ئەوانی دیکەش هەڵاتون.
هەسەدە جەختیش دەکاتەوە لەوەی هێزەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە و پوچەڵکردنەوەی هەوڵی دزەکردنی هێزە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق، بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن بەرگری بکەن و بەرپەرچیان بدەنەوە.